مەسەدە: ھەڕەشەکانی تورکیا ناوچەکە بەرەو شەڕێکی بێ کۆتایی پەلکێش دەکات

16/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دەستەی راپەڕاندنی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) دەڵێت، ھەڕەشەکانی تورکیا لە ناوچەکانی خۆبەرێوەبەری باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا “مەترسی گەورە لەسەر ناوچەکە دروستدەکات و بەرەو شەڕێکی بێ کۆتایی پەلکێشی دەکات.”

لە بەیاننامەیەکدا مەسەدە رایگەیاندووە، ململانێ لەگەڵ ھێزە ھەرێمی و خۆجێیەکان دەبێتە ھۆی کارەساتی مرۆیی و دەرەنجامەکانی لەسەر گەلانی ناوچەکە دەردەکەون.

روونیشکردووەتەوە ،ھەڕەشەکانی تورکیا مەترسی گەورە لەسەر ناوچەکە دروستدەکات و بەرەو شەڕێکی بێ کۆتایی پەلکێشییان دەکات کە ئەویش لەپێناو جێبەجێکردنی بەرژەوەندییەکانەتی بەشێوەیەکی گشتی و بەتایبەت لە سوریا.

مەسەدە لە بەیاننامەکەیدا سەبارەت بە قەیرانی سوریا ئاماژەی بەوەشداوە، ھیچ ئاسۆیەک نییە بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە لەماوەیەکی نزیکدا بەھۆی سیاسەتی ھێزە نێودەوڵەتی و ھەرێمییەکان کە دەستوەردان دەکەن، لەگەڵ سیاسەتی دیمەشق کە دوورە لە چارەسەری سیاسی، ئەوەش پرسەکەی بەشێوەیەکی گەورە ئاڵۆز کردووە.

ھەروەھا مەسەدە ئیدانەی ئامانج گرتنی ھاوڵاتیانی مەدەنی لە لایەن درۆنەکانی تورکیا لە باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا دەکات.