نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بۆ ٩٤ دۆلار و ٢٧ سەنت دابەزی

16/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

جارێکی دیکە نرخی نەوت لە بازارەکانی جیھان دابەزی و نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە ٩٤ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، وەبەرھێنەرانیش پێشبینیدەکەن بەھۆی دانووستانە ئەتۆمییەکانەوە بڕێکی زیاتر نەوت بخرێتە بازاڕەکانەوە.

ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی نەوت لە جیھاندا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت ٨٢ سەنت دابەزی و بە ٩٤ دۆلار و ٢٧ سەنتەوە مامەڵەی پێوەکرا، نرخی نەوتی تەکساسیش ٥٢ سەنت دابەزی و گەیشتە ٨٨ دۆلار و ٨٩ سەنت بۆ ھەر بەرمیلێک.

دابەزینی نرخی نەوت بەھۆی مەترسییەکانی چینەوەیە لە دابەزینی گەشەی ئابوری جیھان، لەکاتێکدا چین گەورەترین کڕیاری نەوتی خاوە لە جیھاندا. 

بەشێک لە وەبەرھێنەرانیش پێشبینیدەکەن بەھۆی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران بڕێکی زیاتر لە نەوت بخرێتە بازاڕەکانەوە، ئەگەر ئێران و ئەمریکا پێشنیازی یەکێتی ئەوروپا بۆ ھەڵگرتنی سزاکان لەسەر ھەناردەی نەوتی ئێران قبوڵ بکەن.