تەندروستی عێراق: ئەمساڵ ٥٢ کەس بە تای خوێنبەربوون لە عێراق گیانیان لەدەستداوە

11/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

تەندروستی عێراق نوێترین ئاماری تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و کۆلێرا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٢٨٩ کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون کە لەو ژمارەیە ٥٢ کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ئامارەکەی تەندروستی عێراق، پارێزی زیقار زۆرترین ئاماری تووشبوون و گیان لەدەستدانی بەتای خوێنبەربوونی تێدا تۆمارکراوە و تائێستا ١٢٤ کەس تووشبوون و ٢٩ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

تەندروستی عێراق ئاشکرایکردووە، لە پارێزگاکانی ھەرێم لە دھۆک دوو کەس و لە ھەولێر سێ کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون کە کەسێک گیانی لەدەستداوە و لە سلێمانیش ھیچ حاڵەتێک تۆمارنەکراوە.

سەبارەت بە کۆلێر، تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٨١٩ کەس لە عێراق تووشی کۆلێرا بوون و ٤ کەسیش بە پەتاکە گیانیان لەدەستداوە کە سێ کەسیان لە کەرکوک بووە و کەسێکیش لە بەغداد.