سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بەشداری کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان دەکات

10/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بە بەشداری سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، جارێکی دیکە لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی ھەرێم بە ئامادەبوونی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ دیاریکردنی رۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبنەوە.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، کۆبوونەوەکە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ لە سەرۆکایەتی ھەرێم دەستپێدەکات و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دیاریکردنی رۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چارەسەرکردنی گرفتی بەردەم ھەڵبژاردنەکە دەکرێت.

پێشتریش دڵشاد شەھاب ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاندبوو: کۆبوونەوەکەی سەرۆکایەتی ھەرێم بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی یەکەمی حزبەکان و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەڕێوەدەچێت.

دڵشاد شەھاب ئەوەشی ڕوونکردەووە، بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن پێویستی بە کۆدەنگی ھەموو لایەک ھەیە، ھەروەک پێش ئەوە پێویستە تاوتوێی میکانیزمەکانی ھەڵبژاردن بکرێت و ئاستەنگەکانی بەردەمی لاببرێت.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لەکاتێکدایە کە پێشتر و لە رۆژانی ٢٦ی ئایار و ٩ی حوزەیرانی ئەمساڵ، لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم لەسەرۆکایەتی ھەرێم بۆ بڕیاردان لەسەر رۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە، بەڵام ھەردوو کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام بوون.