ئێران مانگێکی دەستکردی نوێی ئاڕاستەی بۆشایی ئاسمان کرد
کوردسات نیوز
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، وەزارەتی پەیوەندییەکان مانگێکی دەستکردی نوێی لە ڕێی موشەکی (سۆیوز)ی ڕوسیاوە لە بنکەی ئاسمانی (بایکۆنوری) کازاخستانەوە ئاراستەی بۆشایی ئاسمان کرد.
مانگە دەستکردەکەی ئێران ناوی (خیام)ە و لەلایەن ڕێکخراوی بۆشایی ئاسمانی ئێرانەوە بەرھەمھاتووە و، بڕیاریشە لە دوری ٥٠٠ کیلۆمەترەوە لە تەوەرەی زەوی جێگر بکرێت . بە وتەی لێپرسراوانی ئێران، مانگی دەستکردنی خیام ڕۆژانە چوار جار بە ئاسمانی ئێراندا ھاتوچۆ دەکات و لەگەڵ وێستگەکانی زەویدا لە پەیوەندیدا دەبێت.
(عیسا زارع پور) وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران ڕایگەیاند، ئەو ھەنگاوە سەرەتای ھاریکاری ستراتیژی نێوان ئێران و ڕوسیا دەبێت لە بواری بۆشایی ئاسمان.
بەوتەی لێپرسراوانی ئێران، ئەرکی سەرەکی مانگە دەستکردەکە، ھاوکاریکردنی کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە لە ئێران و، ئیدارەدانی مەترسییە سروشتییەکان و، چاودێریکردنی چالاکیە نایاسایەکان لە بواری تێکدانی ژینگە و بیناسازی و چاودێریکردنی سنورەکانی ئێرانە.
|