دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رونکردنەوەیەکی لەسەر مانگرتنی زیندانیکراوانی بادینان بڵاوکردەوە

07/08/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دەستەی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤ رونکردنەوەیەکی لەسەر مانگرتنی زیندانیکراوانی بادینان بڵاوکردەوە، بەپێی راگەیەنراوەکە رەوشی تەندروستییان جێگیرە, ئاماژەی بەوەشکردووە، لە حاڵەتی بەردەوام بوونیان لە مانگرتن رەنگە مەترسی لەسەر ژیانیان و تەندروستیان دروست بێت.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ھەرێم لە رونکردنەوەیەکدا بۆ رایگشتی رایگەیاند، وەفدێکی باڵای دەستەکەیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی ھەولێریان کردوە بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی سزادراوانی ناو چاکسازی و رەوشی تەندروستی سزادراوان ومانگرتنیان.

راشیگەیاندوە، رەوشی تەندروستی مانگرتوانی ناو چاکسازی گەورانی ھەولێر جێگیرە، بەڵام لە حاڵەتی بەردەوام بوونیان لە مانگرتن رەنگە مەترسی لەسەر ژیانیان و تەندروستیان دروست بێت.

لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، بنکەی تەندروستی چاکسازی وەکو پێویست نییە لە رووی نەبوونی پزیشکی پسپۆر و پێداویستی پزیشکی سزادراوان، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو بابەتە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی تاوتوێ دەکەن بە تایبەت کە ئێستا چەند سزادراوێک توشی نەخۆشی پێست بوون.