بانکی ناوەندی عێراق: بەھای دینار بەرامبەر دۆلار بە جێگیری دەمێنێتەوە

03/07/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بانکی ناوەندی عێراق دەڵێت بەھیچ شێوەیەک دەستکاری بەھای ئێستای دۆلار ناکەن و پێشبینی دەکات یەدەگی دراوە بیانییەکان بگاتە (٩٠) ملیار دۆلار.

عەمار خەڵەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، ئەو ھەوڵانەی ناوبەناو دەدرێن بۆ دابەزاندنی بەھای دۆلار، جگە لە سەرقاڵکردنی شەقام ھیچی تر نییە، چونکە ئەو بابەتە تەنھا لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندیدایە نەک ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانتاران، بۆیە تا بانکی ناوەندی بڕیار لەسەر بەھای دۆلار نەدات، وەک خۆی دەمێنێتەوە و لە ئێستاشدا ناتوانن دەستکاری بەھاکەی بکەن، چونکە دەبێتە ھۆی داڕمانی ئابووری عێراق.

وتیشی، ئێستا یەدەگی دراوە بیانییەکان لە بانکی ناوەندی (٧٠) ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە و پشبینی دەکەن تاکۆتایی ئەمساڵ بگاتە (٩٠) ملیار دۆلار ئەگەر بەھای نەوت لە بازاڕەکانی جیھان وەک ئێستا بە بەرزی بمێنێتەوە.