تەندروستی عێراق: رەزامەندی نەدراوە لەسەر پێدانی دۆزی چوارەمی ڤاکسینی کۆرۆنا

03/07/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایدەگەیەنێت، تا ئێستا رەزامەندییان نەداوە لەسەر پێدانی دۆزی چوارەمی ڤاکسینی کۆرۆنا.

"روبا فەلاح" ئەندامی تیمی راگەیاندن لە وەزارەتی تەندروستی جەختی کردەوە لە گرنگی پابەند بوون بە دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و بەستی دەمامک بە تایبەت لە رۆژانی جەژندا، چونکە ئامارەکانی توشبوون بە کۆرۆنا روویان لە بەرزبوونەوە کردووە. 

وتیشی تائێستا ھیچ رێنماییەکیان بۆ وەرگرتنی دۆزی چوارەمی ڤاکسین بڵاونەکردووەتەوە و رەزامەندییان لەسەر نەداوە، بەڵام وەرگرتنی سێیەم دۆزی ڤاکسین بۆ کەسانی سەروو ١٢ ساڵ رێگەپێدراوە و رێنمایی خەڵکیش دەکەن بۆ وەرگرتنی، بەتایبەت ئەو کەسانەی بەتەمەنن و نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە.

لە عێراق ژمارەی توشبووانی رۆژانە بە کۆرۆنا گەیشتووەتە سەروو ٢ ھەزار حاڵەت، لە کاتێکدا لە ماوەی رابردوودا چەند حاڵەتێکی کەم تۆمار دەکران.