بەھۆی تەقینەوەی غاز لە کافتریای کەستانە لە سلێمانی هەشت کەس برینداربوون

03/07/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بەھۆی تەقینەوەی غاز لە کافتریای کەستانە لە سلێمانی هەشت کەس بریندار بوون و چێشتخانەی کافتریاکەش سوتا.

رێکان کەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کافتریای کەستانە لە سلێمانی غاز تەقیوەتەوە و دەستبەجێ تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتونەتە شوێنی رووداوەکە و کۆنترۆڵیان کردووە.

 سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەھۆی رووداوەکەوە هەشت کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون کە سیانیان کارمەندی بەرگری شارستانی بوون، وتیشی، ٦ لە بریندارەکان چارەسەریان بۆ کراوە و نەخۆشخانەیان جێھێشتووە، دوو بریندارەکەی دیکەش دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانە جێدەھێڵن.

مانگی ئایاری رابردوش، بەھۆی تەقینەوەی غاز لە کافتریایەک لە شەقامی سالمی سلێمانی، زیاتر لە ١٠ کەس برینداربوون و کافتریاکەش بە تەواوەتی رووخا.