ئایدن مەعروف: ھەڵبژاردن پێویستی بە ڕەزامەندی ھەموو لایەنەکان ھەیە

02/07/2022
ئایدن مەعروف وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان.
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئایدن مەعروف ڕایگەیاند، لە ھەڵبژاردنی ڕابردووی عێراق و ھەرێمی کوردستاندا ھەڵبژاردن فرە بازنەی بووە بۆ لایەنە سیاسیەکان بەڵام بۆ پێکھاتەکان یەک بازنەی بووە چونکە دۆخی پێکهاتەکان وا دەخوازێت.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لە بەرنامەی "تا یەک"ی کوردسات نیوز ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ڕایگەیاند، پێکەوەژیانی نێوان پێکھاتە نەتەوەی و ئاینییەکان جێگای شانازییە. 

لە چۆنییەتی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی داھاتوی ھەرێمی کوردستاندا ئایدن مەعروف ئاماژەی بەوەدا، چونکە پێکهاتەکان دۆخیان جیاوازە، ئەوان وەک پێکھاتەکان ھەموو لەسەر ئەوە کۆکن کەوا سیستەمی ھەڵبژاردن فرە بازنەی بێت بەڵام ئاماژەی بەوە کرد لە ھەڵبژاردنی ڕابردووی عێراق و ھەرێمی کوردستاندا ھەڵبژاردن فرە بازنەی بووە بۆ لایەنە سیاسیەکان بەڵام بۆ پێکھاتەکان یەک بازنەی بووە. 

هەروەها ڕاشیگەیاند، چونکە ھەڵبژاردن ڕەھەندێکی نیشتیمانی و یاسای ھەیە، بۆیە پێویستی بە ڕەزامەندی لایەنە سیاسییەکانە و ئەمە پەیوەندی بە سەقامگیری ھەرێمەوە ھەیە و پێوستە ھەموو لایەنەکان لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن ڕێکبکەون و سەقامگیری کوردستان بەردەوام بێت. 

لە کۆتایدا وتی، گلەی و تێبینییان لە یاسای ھەڵبژاردن ھەیە و دەستێوەردان لە ھەڵبژاردندا دەکرێت و دەستێوەردان لە کاروباری کۆتادا دەکرێت. 

جگە لەوەی وەزیری ھەرێمە بۆ کاروباری پێکھاتەکان ھەروەھا ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکومانی عێراقیە و وەک نوێنەری تورکومانەکانی کوردستان دەناسرێت.