دانوستانی حکومەتی دیمەشق و قامیشلۆ بۆ پاراستنی سنورەکان بەردەوامە

02/07/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا رایگەیاند، دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بۆ پاراستنی سنورەکانی سوریا و تورکیا بەردەوامە.

بەدران چیا کورد جێگری ھاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری خۆرھەڵاتی فورات رایگەیاند، ساڵی ٢٠١٩ لە نێوان حکومەتی دیمەشق و خۆبەڕێوەبەری رۆژئاڤا لێکتێگەیشتنێک ھەبووە بۆ پاراستنی سنورەکان لەگەڵ تورکیا و لە دانوستانەکانی ئەم دواییەش بە نێوەندگیری روسیا، فراوانکردنی لێکتێگەیشتنەکە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، بە مەرجێک لە بەرژەوەندی ھەردوولا و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە بێت، بەوتەی ناوبراو، دوای ھەڕەشەکانی تورکیا لە دوو مانگی رابردوودا ئەوە یەکەم کوبونەوە دەبێت کە لە نێوان قامیشلۆ و دیمەشق ئەنجام دەدرێت.

حەسەن محەمەد عەلی سەرۆکی مەکتەبی پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە)ش رایگەیاند، بەجددی لە ھەڕەشەکانی تورکیا دەڕوانن و لەگەلِ ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی لە پەیوەندیدان بۆ رێگریکردن لە ھەر ئوپراسیونێکی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان.