مەترسی لە پێکدادانی سوپای ڕوسیا و ئەمریکا لە سوریا ھەیە
کوردسات نیوز
ڕۆژنامەی نیوزویکی ئەمریکا، ھۆشداریدا لە بەریەککەوتنی نێوان سوپای ڕوسیا و ئەمریکا لە سوریا و ئاماژەی بەوەشکردووە، واشنتۆن دەتوانێت ڕێگری لەو بەریەککەوتنە بکات.
ھەرچەندە تا ئێستا ھیچ ھەڵوێستێکی دووژمنکارانە لە نێوان سوپای ئەو دوو وڵاتە لە سوریا ڕووی نەداوە، بەڵام بەھۆی لێکنزیکی بنکە و شوێنی کارکردنی ھەردوولایان، مەترسی ئەوە دەکرێت، بەھۆی تێوەگلانیان لە ناکۆکی نێوان گروپە چەکدارەکانی سوریا، پێکدادان لە نێوان سوپای ڕوسیا و ئەمریکا بێتە ئاراوە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، قەیران و نائارامییەکانی خۆرھەڵاتی ئەوروپا لە نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن پەرەیسەندووە، بەشێوەیەک مەترسی ئەوە لە ئارادایە سەربکێشێت بۆ جەنگێکی ڕاستەقینە لە نێوان ھەردوو وڵاتدا.
بە گوێرەی ڕۆژنامەکە، مەترسییەکان تەنانەت بووەتە مایەی ترس و دوودڵی لە ناو کۆنگرێسی ئەمریکا، چونکە ھەردوو وڵات خاوەنی بڕێکی زۆر چەکی ئەتۆمین، ئەگەر بێتوو پەنا بۆ بەکارھێنانیان ببرێت، بەسن بۆ ئەوەی چەند جارێک سەرتاپای جیھان وێران بکەن.
|