مۆسکۆ: پێویستە لەندەن تێڕوانینە ھەڵەکەی بەرامبەر سەرکردایەتی مۆسکۆ ڕاستبکاتەوە

01/07/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا بانگھێشتی باڵیۆزی بەریتانیای لە مۆسکۆ کرد و یاداشتێکی توندی ناڕەزایی ڕادەستکرد، سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەربارەی ڤلادیمێر پوتن سەرۆک کۆماری ڕوسیا.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا بڵاویکردەوە، یاداشتێکی ناڕەزایی  توندیان ڕادەستی باڵیۆزی بەریتانیا کردووە، سەبارەت بەو لێدوانە نا بەرپرسانەی سەرکردایەتی بەریتانیا، دەربارەی سەرۆک و گەلی ڕوسیا.

ئاماژەی بەوەشکرد، مۆسکۆ بەھیچ شێوەیەک گوتاری دەستدرێژکارانە بەرامبەر سەرکردایەتی وڵاتەکەی قبوڵ ناکات.

لە لایەکی دیکەوە باڵیۆزخانەی ڕوسیا لە لەندەن، داوای لە بەریتانیا کردووە، ھەنگاو بنێت بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ھەڵە و تێڕوانیە ھەڵەیە، کە بەرامبەر  سەرکردایەتی ڕوسیا کردووەیەتی.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، ئەگەر پوتن ژن بوایە بە ھیچ شێوەیەک ھێرشی سەربازیی نەدەکردە سەر ئۆکرانیا، چونکە ھەڵسوکەوتەکانی پوتن بەرامبەر ئۆکرانیا، نموونە و خۆسەپاندنێکی نێرایەتیی دوژمنکارانەیە.