عێراق لە مانگی ئایاری ڕابردوودا ھەر بەرمیلێک نەوتی بە زیاتر لە ١١٢ دۆلار فرۆشتووە

01/07/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی ھەناردە و داھاتی نەوتی فرۆشراوی مانگی ئایاری ڕابردووی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردەوە، لە مانگی ئایاری ڕابردودا، زیاتر لە ١٠٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو فرۆشراوە، لە کێڵگە نەوتییەکانی باشور و شاری کەرکوکەوە .

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لەو مانگەدا بڕی داھاتی نەوتی فرۆشراو گەیشتووەتە ١١ ملیار و ٤٧٧ ملیۆن و ٤٩٦ دۆلار. ھەر بەرمیلێک نەوتی خاو بە ١١٢ دۆلار و ١٩ سەنت فرۆشراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو مانگە لە کێڵگەکانی شاری کەرکوک بڕی زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێی بەندەری جەیھانی تورکیاوە ھەناردە کراوە.