حکومەت: شاندی دانوستانکار ئامادەیە سەردانی بەغداد بکات بۆ گفتۆگۆکردن لەسەر کێشەکان

30/06/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەنجومەنی ھەرێمی بۆ کاروباری نەوت وگاز کۆبوونەوەیەکی بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکومەت ساز کرد و تیایدا چۆنیەتی خەرجکردنی داھاتی بەدەستھاتوو لەم ماوەیەدا خرایەڕوو کە بۆ دابینکردنی مووچەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ خەرج کراوە، ئاماژە بەوەش کراوە کە شاندی دانوستانکار ئامادەیە سەردانی بەغداد بکات بۆ گفتۆگۆکردن لەسەر کێشەکان.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ھەرێمی بۆ کاروباری نەوت وگاز و یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەیە لە دوای ھەموارکردنی یاسای نەوت وگاز، لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ھەرێمی بۆ کاروباری نەوت وگاز ئامادەی بوو.

لە کۆبوونەوەکەدا "داھاتی گشتی بەدەستھاتوو لە ھەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت خرایەڕوو کە بریتییە لە کۆی گشتی نەوتی بەرھەمھاتوو و ھەناردەکراو و بەکارھێنراوی ناوخۆیی و تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوتی فرۆشراو لەو ماوەیەدا."

بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، حکومەت مووچەی ھەموو مانگێکی لە داھاتەکانی نەوت و ناوخۆی ھەرێم دابین کردووە و ھەموو مانگ مووچەی دابەش کردووە.

باس لەوەش کراوە، " حکومەت فیدرالی بۆ  شەش مانگی ساڵی٢٠٢٢ دەبووایە ترلیۆنێک و دووسەد ملیار بنێرێت بەڵام تەنیا دوو مانگ لەو ماوەیەدا بڕە پارەی ناردووە کە تەنیا ٤٠٠ ملیار دینارە."

"کۆبوونەوەکە جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور کردەوە و دووپاتیشی کردەوە کە؛ شاندی دانوستانکاریی ھەرێم ئامادەیە سەردانی بەغداد بکات بۆ گفتۆگۆکردن لەسەر کێشەکان."