ئەمریکا نیگەران و بێھیوایە لە کۆتاییھاتنی دانوستانەکانی دەوحە

30/06/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بێھیوابوونی دەردەبڕێت لە کۆتاییھاتنی دانوستانەکانی دەوحە و نەبوونی ھیچ پێشکەوتنێک لەو دانوستانەدا کە بە ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی دەوحە کە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیری یەکێتی ئەوروپا بەڕێوەدەچوو، بە بێ ئەنجام کۆتاییھاتووە.

ئەمریکاش نیگەران و بێھیوایە لەوەی کە ئێران جارێکی تر وەڵامی ئەرێنی بۆ دەستپێشخەرییەکەی  یەکێتی ئەوروپا نەبووە، ھەر بۆیە ھیچ پێشکەوتنێک لە دانوستانەکاندا بەدی نەھاتووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ئاژانسی ھەواڵی تەنسیم ئاشکرایکرد کە بەھۆی ئەوەی ئەمریکا پێداگری کردووە لەسەر ئەو ھەڵوێستانەی کە لە بەرژەوەندی ئێران نییە، دانوستانەکان لە دەوحە بە بێ ئەنجام کۆتایی ھاتووە، بەڵام دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەتیکردەوە دانوستانەکان کۆتایی ھاتبێت و جارێکی دیکەش ڕاگیرابێت.