ئەمین بابەشێخ: کۆمپانیا روسیەکان وەبەرھێنان لە ھەرێم فراوانتر بکەن

29/06/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز




ئەمڕۆ ئەمین بابەشێخ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لەسلێمانی پێشوازی کرد لە ئۆلێگ ڤلادیمیرۆڤیچ لێڤین، کونسوڵی گشتی روسیا لە ھەرێمی کوردستان، کە سەردانەکەی بەبۆنەی کۆتاییھاتنی ئەرکەکەی بوو وەک کونسوڵی گشتی روسیا لە ھەرێمی کوردستان.

سەرەتا ئەمین بابەشێخ سوپاسی ھەموو ئەو ھەوڵ و خزمەتانەی کرد کە لەماوەی ئەرکەکەیدا پێشکەشی ھەرێمی کوردستانی کردووەو ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرک و کاری داھاتوویدا.

دواتریش گفتوگۆ لەسەر چەند پرس و تەوەرێکی گرنگ کرا لەوانەش بەردەوامیدان و پتەوکردنی پەیوەندیەکانی نێوان روسیای فیدراڵ و عێراق و ھەرێمی کوردستان بەتایبەت لە بوارەکانی ئابوری و بازرگانی و تەندروستی و رۆشنبیری و خوێندنی باڵا، بۆئەوەی سود لە ئەزموون و وزەو توانا ھاوبەشەکان وەربگیرێت، کۆمپانیا روسیەکان وەبەرھێنان و کارەکانیان فراوانتر بکەن لە ھەرێمی کوردستان، ئاڵوگۆڕی کلتوری و رۆشنبیری پەرەی زیاتری پێبدرێت.

لە بواری خوێندنی باڵاشدا باسیان لەوە کرد، ساڵانە زەمالەی خوێندن لە بوارو پسپۆڕیە جیاوازەکاندا لەلایەن زانکۆکانی روسیاوە بۆ خوێندکارانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دابین بکرێت.