قوباد تاڵەبانی: زانیاریمان ھەیە لەسەر ئەو لایەنەی ھێرشەکانی کردووەتە سەر کۆرمۆر

29/06/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، زانیاریان ھەیە لەسەر ئەو لایەنەی ھێرشەکانی کردووەتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەمال.

لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم، قوباد تاڵەبانی جێگیری سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند، زانیاری تەواویان ھەیە لەسەر ئەو لایەنەی ھێرشەکانی کردووەتە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر و لێکۆڵینەوەی ورد کراوە بۆ ئەوەی ڕێکاریان بەرامبەر بگیرێت.

قوباد تاڵەبانی وتیشی، ھێرشەکان کراونەتە سەر پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر نەک ئەو بەشەی کە ئێستا غاز بەرھەم دەھێنێت بۆ دابینکردنی پێویستی ھاووڵاتییان.

ھەر سەربارەت بە ھێرشەکان ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرایکرد، ئامانج لە ھێرشەکانی سەر ھەرێم، زیان گەیاندنە بە سەرچاوەی دارایی و ئابووریی و پەکخستنی پرۆسەی وەبەرھێنان.

ھاوکات ئەنجومەنەی وەزیران باسی لەوەکردووە، حکومەتی فیدڕاڵی، بە بێ ھیچ پاساوێک ھەرێمی بێ بەشکردووە لە شایستە داراییەکانی و لە کۆی ٢٦ مانگ، تا ئێستا تەنیا بۆ ماوەی ١٣مانگ بڕە پارەیەکی بە ناوی پێشینە کە تەنیا دووسەد ملیار دینارە ناردووە، داواشی لە حکومەتی فیدڕاڵیی و وەزارەتی نەوت کرد گوشاریی ناڕەوایان بۆ سەر وەبەرھێنەرانی نێودەوڵەتی بواری نەوت وگاز لە ھەرێم ڕابگرن.