چوارچێوەی ھەماھەنگی: لە پێکھێنانی حکومەتی نوێدا ھیچ لایەنێک پەراوێز ناخرێت

29/06/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان ھەڵوێستی خۆی لەسەر ھاوپەیمانەکانی ڕەوتی سەدر ڕاگەیاند و دەڵێت، نایانەوێت ھیچ ھێزێکی سیاسی پەراوێز بخرێت.

چوارچێوەی ھەماھەنگی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوان لەگەڵ بەشداری ھەموو ھێزە سیاسییەکانن لە حکومەتی داھاتوودا، بەر لە کشانەوەی ھاوپەیمانی سەدریش بە چەند مانگێک کاریان لەسەر ئەو بابەتە کردووە.

ڕوونیشیکردووەتەوە، چوارچێوەی ھەماھەنگی دەرگای گفتوگۆی کراوەیە لەگەڵ ھەموو ھێزە سیاسییەکاندا، بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکومەتی داھاتوو.

لە لایەکی دیکەوە سەرکردەیەکی چوارچێوەی ھەماھەنگی بە ئاژانسی ھەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە، لەگەڵ ھاوپەیمانی سەروەریی و ھاوپەیمانی عەزم کۆدەبنەوە، لە پێناو پێکھێنانی حکومەتی نوێ.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا ئەرکی پێکھێنانی حکومەت کەوتووەتە ئەستۆی چوارچێوەی ھەماھەنگی و گفتوگۆکانیش لەگەڵ لایەنەکان بە ئامانجی پێکھێنانی حکومەتێکی بەھێزە، کە بتوانێت عێراق بگەیەنێتە کەناری ئارامی.