دادگای سلێمانی ھەوڵ دەدات بە شێوەی ئەلیکترۆنی تۆمەتباران دادگایی بکات

27/06/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دادگای سلێمانی ھەوڵ دەدات بە شێوەی ئەلیکترۆنی تۆمەتباران دادگایی بکات و لە ڕێگەی شاشەوە پڕۆسەکە بەڕێوەبچێت، بەوەش دەبێتە یەکەمین دادگا لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق کە ئەو سیستمە جێبەجێ دەکات.

بە پێی راگەیەندراوێکی دادگای سلێمانی، لە سەردانکردنی سەرۆکی دادگا و کۆبونەوەی لەگەڵ بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی ئەو پرسە تاوتوێکراوە، جەختیشکراوەتەوە لەسەر ئەوەی بە زووترین کات شوێنی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکرێت و سەرجەم پێداویستیەکانی بەردەستبوونی ئەو خزمەتگوزارییە دابین بکرێت.

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە ، داداگاییکردن بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس تەنھا لە وڵاتە پێشکەووتوەکان کاری پێدەکرێت و سەرۆکایەتی دادگای تێھەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی دەبێتە یەکەمین دادگا لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و  عێراق کە ئەو سیستمە جێبەجێ دەکات. 

جێبەجێکردنی ئەو سستمە، دەبێتە ھۆی دابینکرنی ئارامییەکی زیاتر بۆ تۆمەتباران و کارئاسانیەکی زۆر بۆ پۆلیس و کەمکردنەوەی تێچوونی گواستنەوەی تۆمەتباران، سیستمەکە بە جۆرێکە کە تۆمەتباران لە شوێنی مانەوەیان لە ڕێگەی سیستمێکی تایبەتەوە بە دەنگ و ڕەنگ و لە ڕێگەی شاشەوە قسە دەکەن و پڕۆسەی دادگاییکردنەکە بەڕێوەدەچێت.