١٠٠ واژو کۆکراوەتەوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق لەسەر بەهای دۆلار

23/06/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ھەوڵێک بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی بەرزکردنەوەی بەھای دینار ھەیە، بەڵام ئەندامێکی کورد لە لیژنەی دارایی پێیوایە ئەو ھەوڵە سەرکەوتوو نابێت.

عودەی عەواد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە ١٠٠ پەرلەمانتار ئیمزایان بۆ رێکخستنی کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەران، لەبارەی بەرزکردنەوەی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار کۆکردووەتەوە، چونکە لێکەوتەی خراپی ئابوریی لەسەر ھاوڵاتیان ھەبووە.

 لەبارەی ئەو ھەوڵەوە نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پێیوانیە ئەو ھەوڵە سەرکەوتوو بێت، چونکە بەرزکردنەوەی بەھای دینار لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەراندا نییە.

 وتیشی، پێشتر ھەوڵێکی ھاوشێوە ھەبوو، کە بەھۆیەوە وەزیری دارایی و ئابوریی عێراق بانگھێشتی ئەنجومەنی نوێنەران کرا و رونکردنەوەیدا کە بەرزکردنەوەی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار، پشێوی ئابوری دروست دەکات.