شوێنگرەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر سوێندی یاسایی دەخۆن

22/06/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لەسەر داوای ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی چوارچێوەی ھەماھەنگی رۆژی پێنجشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە و جگە لە سوێندخواردنی ئەو پەرلەمانتارانەی شوێنی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدر دەگرنەوە، پێشێلکارییە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق و قسەکانی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا لە بارەی کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران، بەشێک دەبن لە گفتوگۆی پەرلەمانتاران.

(جاسم بەیاتی) پەرلەمانتاری ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، ھەر چەندە تا ئێستا چەند فراکسیۆنێک بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەکەدا یەکلانەکردۆتەوە، بەڵام ئەگەر رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەبن پەرلەمانتارانی شوێنگرەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر سوێندنی یاسای دەخۆن.

سەبارەت بە ھەڵوێستی سەربەخۆکانیش لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەران، (حسین عەرەب) پەرلەمانتاری سەربەخۆ رایگەیاند، پەرلەمانتارانی سەربەخۆ ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن ، بەو پێیەی بڕگەیەکی دانیشتنەکە تایبەتە بە پێشێلکاری و دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق.

ھەروەھا (عەلی تورکی) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرایکرد، ھەوڵێک لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دەستیپێکردووە بۆ بانگھێشتکردنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران، بەو پێیەی لەکاتی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەھدی موھەندیس، سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری بووە، بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە کازمی تۆمەتبارە بەدزەپێکردنی زانیارییەکان بۆ دەزگای ھەواڵگری ئەمریکا کە بۆتەھۆی کردنە ئامانجی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیس.

بە بڕوای بەشێک لە پەرلەمانتاران، کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە ھەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی پەلەکردن لە چارەسەرکردنی کێشەکان و  پێکھێنانی حکومەتی نوێ، بەو پێیەی  پرۆسەی سیاسی بە رەوشێکی سەختدا گوزەر دەکات و ئاستەنگی گەورە ھەیە، بەتایبەت  رەوشی بژێوی و خزمەتگوزاری و بێکاری، کە پێویستی بە بوونی حکومەتێکی خاوەن دەسەڵاتی تەواوە، تاکو بتوانێت مامەڵە لەگەڵ سەرجەم دۆسیە گرنگ و قورسەکان بکات.