مێسی بەشداری لە درامایەکی ئەرژەنتینیدا دەکات

12/06/2022
لیۆنێل مێسی
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لیۆنێل مێسی یاریزانی ھەڵبژاردەی ئەرژەنتین و یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی، ئەزموونێکی نوێ و ئەمجارە لەبواری نواندن، تاقی دەکاتەوە.

پاش بەدەست ھێنانی چەندین دەستکەوت و نازناو لەژیانی وەرزشیدا، لیۆنێل مێسی یاریزانی پێشووی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و ئێستای یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی، بەشداری لە زنجیرەی تەلەفزیۆنی " لۆس برۆتێکتۆریس" دەکات کە لە ئەرژەنتین زنجیرەکە بەرھەم دەھێندرێت.

لەوبارەیەوە، رۆژنامەی مۆندۆ دیبۆرتیڤۆ بڵاویکردەوە: لەماوەی رۆژانی رابردوودا، لیۆنێل مێسی لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، سەرقاڵی وێنەگرتنی زنجیرە تەلەفزیۆنییەکە بووە.

چیرۆکی زنجیرە تەلەفزیۆنییەکە باس لە سێ بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانانی پیشەگر دەکات کە رووبەڕووی قەیرانی دارایی دەبنەوە، دواتر بڕیار دەدەن پێکەوە ھەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆئەوەی مایە پووچ نەبن.