تووشبووان بە ئاوڵەی مەیمون لە دەرەوەی ئەفریقا ھەزار کەسی تێپەڕاند

09/06/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ڕایگەیاند، ژمارەی تووشبووانی ئاوڵەی مەیمون ھەزار کەسی تێپەڕاندووە و ھۆشداری توند دەدات لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە.

تیدرۆس ئەدھانۆم بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیی ڕایگەیاند، مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون لە دەرەوەی وڵاتانی ئەفریقا ڕاستەقینەیە و نابێت ئەو مەترسیە پشتگوێ بخرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە تا ئێستا زیاتر لە ھەزار حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشییەکە لە ٢٩ وڵاتی دەرەوەی ئەفریقا تۆمار کراوە بەڵام ھیچ حاڵەتێکی گیان لە دەستدان لەو وڵاتانە تۆمار نەکراوە.

بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیی ڕاشیگەیاندووە، نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون زیاتر مەترسی لەسەر منداڵان و ژنانی دوو گیان دروست دەکات، بۆیە بە پێویستی دەزانێت چاودێرییەکی زیاتری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە بکرێت و ڕێکاری پێویست بۆ کۆنترۆڵکردنی بگیرێتەبەر.