٢٦ وڵاتی ئەوروپا نەوتی رووسیایان قەدەغە کرد و نرخی نەوت بەرزبووەوە

31/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوتن لەسەر سەپاندنی گەمارۆ بەسەر بەشێکی زۆری ئەو نەوتەی کە لەلایەن رووسیاوە ھەناردە دەکرێت، ئەمیش لەبەرامبەر لەشکرکێشی ئەو وڵاتە بۆسەر ئۆکراین.

سەپاندنی گەمارۆ بەسەر نەوتی رووسیادا، بەھۆی ناڕەزایی ھەندێک لە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەکە، بۆڕی گەیاندنی نەوتی خاو ناگرێتەوە، بەڵام ئەم بڕیارە راستەوخۆ خواستی لەسەر نەوت بەرزکردەوە و بەھای یەک بەرمیل نەوتی برێنتی گەیاندە سەروو ١٢٣ دۆلار و نرخی نەوتی تەکساسی ئەمریکیش گەیشتە سەروو ١١٨ دۆلار.

چارلز میشێل، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا رایگەیاند، ئەو قەدەغەکردنەی کە لە لوتکەی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل رێککەوتنی لەسەر کراوە، دەستبەجێ زیاتر لە دوو لەسەر سێی ھاوردەی نەوت لە رووسیا دەگرێتەوە و "سەرچاوەیەکی گەورە"ی ئەو بڕە داراییە دەبڕێت کە روسیا لە پارەدارکردن بۆ کەلوپەلی سەربازی بەکاری دەھێنێت دژی ئۆکراین.

سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا رایانگەیاند، رێککەوتوون لەسەر کەمکردنەوەی ٩٠%ی ھاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە تا کۆتایی ئەمساڵ، لەگەڵ لێخۆشبوون بۆ ھەنگاریا - کە پێشتر بە رێژەی نزیکەی ١٠٠٪ پشتی بە نەوتی خاوی رووسیا دەبەست.

سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا راشیگەیاند، ھەروەھا سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا رێککەوتوون لەسەر دەرکردنی گەورەترین بانکی رووسیا کە ناوی "Sberbank"ە لە سیستەمی سویفت و قەدەغەکردنی سێ پەخشی دیکەی سەر بە دەوڵەتی رووسیا.