نرخی یەک بەرمیل نەوت ١٢٠ دۆلاری تێپەڕاند

30/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

نرخی نەوت لە بازاڕی جیھاندا بەرزترین ئاستی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا تۆمار کرد و بەھای یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت ١٢٠ دۆلاری تێپەڕاند.

ئەمڕۆ دوو شەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی تەکساسی ئەمریکی گەیشتە ١١٦ دۆلار و ٥ سەنت و نەوتی خاوی برێنتیش بۆ سەروو ١٢٠ دۆلار بەرزبووەوە، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا تۆمار کرابێت.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەکاتێکدایە یەکێتی ئەوروپا سەرقاڵی رێککەوتنێکە لەسەر قەدەغەکردنی نەوتی رووسیا ھەروەھا لە پێش کۆبوونەوەی شەشەمین پاکێجی سزاکانی سەر مۆسکۆ دێت بەھۆی داگیرکردنی ئۆکراین.

بڕیارە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە یەکێتی ئەوروپا کۆببێتەوە و تاوتوێی شەشەمین پاکێجی سزاکانی سەر ڕووسیا بکات بەھۆی لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر ئۆکراین، کە مۆسکۆ بە "ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت" ناوی دەبات بۆ داماڵینی دراوسێکەی لە چەک.