پوتن ئامادەیە بەشداری لە تێپەڕاندنی قەیرانی خۆراک بکات

26/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بەشداری لە دەستپێشخەرییەکان بکات بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی خۆراک لە جیھاندا بەمەرجێک سزاکانی سەر وڵاتەکەی ھەڵبگیرێن.

کۆشکی کرملین بڵاویکردەوە، پوتن و ماریۆ دراگی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رەوشی ئۆکراین و قەیرانی خۆراک و کاریگەرییەکانی لەسەر وڵاتانی ھەژار تاوتوێ کردووەو پوتن ئامادەیی پیشانداوە بەشدارییەکی گەورە بکات  لە دەستپێشخەرییەکان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی خۆراک لە جیھاندا کە لە ئێستادا نیشانەکانی دەرکەوتوون، بەمەرجێک ئەو سزایانە لەسەر وڵاتەکەی ھەڵبگیرێن کەبەھۆی جەنگی ئۆکراینەوە بەسەریدا سەپێنراون.

پوتن جەختیشی کردەوە، روسیا ئامادەیە بەردەوامی بدات بە ھەناردەکردنی غاز بۆ ئیتاڵیا.