لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنەکان باس لە گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە کرا

26/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرکردە و نوێنەری حزبە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لە بارەگای نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ھەولێر کۆبوونەوە و رەوشی سیاسی ھەرێم و ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

دوای کۆبونەوەکە سەڵاحەدین بابەکر نوێنەری یەکگرتوو بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا ھەموو لایەنەکان سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لەبارەی رەوشی ھەرێم خستەڕوو، ھەروەھا باس لە ھەموو قەیرانەکانی ئێستا و کێشەی ھاووڵاتیان و گەڕانەوەی بەشێک لە پاشەکەوتی مووچە کرا.

نەتەوە یەکگرتووەکانیش راگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان تاوتوێی ھەڵبژاردن و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بەھێزکردنی دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستانیان کرد."

لە راگەیەندراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ھاتووە، کۆبوونەوەکە دەرفەتێکی لە کاتی خۆیدا رەخساند بۆ لایەنەکان بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر پرسە جیاوازەکان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ھاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی "پێویستی دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی جیاکارییانە و رێکردن بەرەو ھەڵبژاردنێکی باوەڕپێکراو و شەفاف."

دەشڵێت، خزمەتکردنی بەرژەوەندی گەلانی ھەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانی ئەمڕۆدا تەوەری سەرەکی بوو.