کەناڵی BBC هاندەرانی مانچستەر یونایتد توڕە دەکات

24/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

کەناڵی BBC بەریتانی داوای لێبوردن دەکات دوای ئەوەی لە پەخشی راستەوخۆدا پەیامێکی بە ھەڵە بڵاوکردەوە کە تیایدا ھاتووە "مانچستەر یونایتد زبڵ و خاشاکە".

رۆژی سێشەممە، دەقەکە بە ھەڵە لەسەر تیکەری ھەواڵەکانی کەناڵی BBC لە خوارەوەی شاشەکەدا دەرکەوت. دواتر لە پەیامێکدا، پێشکەشکار ئانیتا مەکڤیگ داوای لێبوردنی لە ھاندەرانی مانچستەر یونایتد کرد.

پێشکەشکارەکەی BBC ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەڵەکە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە کەسێک فێری چۆنیەتی کارپێکردنی تیکەرەکە بووە و "شتێکی بە ھەڕەمەکی نووسیوە".

مەکڤیگ بە بینەرانی وتووە: "کەمێک پێشتر، ڕەنگە ھەندێکتان تێبینی شتێکی زۆر نائاساییتان کردبێت لەسەر تیکەرەکە کە بە خوارەوەی شاشەکە دەڕوات لەگەڵ ھەواڵێکدا کە بۆچوونێک لەسەر مانچستەر یونایتد دەدات، ھیوادارم ھاندەرانی مانچستەر یونایتد لێی توڕە نەبووبن".

"با تەنھا ڕوونی بکەمەوە کە چی ڕوودەدات: لە پشت پەردەوە، کەسێک ڕاھێنانی دەکرد بۆ ئەوەی فێربێت چۆن تیکەرەکە بەکاربھێنێت و دەق لەسەر تیکەرەکە دابنێت، بۆیە تەنھا شتگەلێکی ھەڕەمەکییان دەنووسی نەک بە جددی و ئەو کۆمێنتە دەرکەوت".

"بۆیە داوای لێبوردن دەکەم ئەگەر ئەوەت بینی و توڕە بوویت و ھاندەری یانەی مانچستەر یونایتد بیت".

"بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوە ھەڵەیەک بوو و مەبەست لێی دەرکەوتن نەبوو لەسەر شاشەکە. بۆیە ئەوە ڕوویدا، ئێمە تەنھا پێمان وابوو باشترە ئەوەت بۆ ڕوون بکەینەوە."

مانچستەر یونایتد لەم وەرزانەی دواییدا کێشەی ھەبووە و لە چامپیۆنزلیگ بێبەش بووە و لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەدا دێت. ئیریک تێن ھاگ، بەڕێوەبەری نوێی یانەکەیان و ڕاھێنەری پێشووی یانەی ئەیاکس، پێنجەم ڕاھێنەری ھەمیشەیی یونایتدە لە دوای وازھێنانی سێر ئەلێکس فێرگسۆن لە ساڵی ٢٠١٣.