روسیا بەکارھێنانی چەکی لەیزەری لە ئۆکراین ڕاگەیاند

19/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ڕووسیا ڕایگەیاند، نەوەیەکی نوێی چەکی لەیزەری لە ئۆکراین بۆ سووتاندنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردەھێنن، بەرپەرچی ئەو چەکانە دەدەنەوە کە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکراین دابین کراون.

زانیارییەکی کەم لەبارەی تایبەتمەندییەکانی لەیزەرە نوێیەکەوە ھەیە. پوتن باسی یەکێکیانی کرد بەناوی "پێرێسڤێت" کە ناوی جەنگاوەرێکی سەدەی ناوەڕاستی ئۆرتۆدۆکس ئەلێکساندەر پێرێسڤێت بووە.

یوری بۆریسۆڤ، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ گەشەپێدانی سەربازی لە کۆنفرانسێکدا لە مۆسکۆ رایگەیاند، "پێرێسڤێت" لە ئێستاوە بە شێوەیەکی بەرفراوان جێگیر دەکرێت و دەتوانێت مانگە دەستکردەکان تا ١٥٠٠ کم لە سەرووی زەویەوە بکاتە ئامانج.

وتی، سیستەمی بەھێزتر لە "پێرێسڤێت" بەردەستە کە دەتوانێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئامێرەکانی تر بسوتێنێت. بۆریسۆڤ ئاماژەی بە تاقیکردنەوەیەکی سێشەممە کرد کە بە وتەی خۆی لە ماوەی پێنج چرکەدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە دووری ٥ کم سووتاندووە.

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا لە ساڵی ٢٠١٨دا پەردەی لەسەر مووشەکێکی بالیستیکی کیشوەر بڕ و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئەتۆمییەکانی ژێر دەریا و چەکێکی سەروو دەنگی و چەکێکی لەیزەری لادا.