کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی لەسەر خۆڵبارین بڵاوکردەوە

16/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی پێشبینییەکانی بۆ ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند بۆ ئەمڕۆ جگە لە دھۆک، لە ھەموو پارێزگاکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان خۆڵبارین دەبێت.

لەبارەی کەشی پێشبینیکراو بۆ سبەینێ، کەشناسی دەڵێت سبەینێ لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان شەپۆلی خۆڵبارینەکە کاریگەرییەکانی نامێنێت و ئاسمان لەنێوان ساماڵ و نیمچە ھەور دەبێت.

شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین پارێزگاکانی عێراق و چەند ناوچەیەکی ھەرێمی گرتووەتەوە، بەھۆیەوە سەدان کەس رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون و دەوام لە چەند پارێزگایەکیش راگیرا.

بەھۆی کاریگەری خۆڵبارین وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردەی عێراق تاقیکردنەوەکان و دەوامی خوێندنگە و زانکۆ و پەیمانگاکانیان بۆ ئەمڕۆ راگرت. لە پارێزگاکانی بەغداد و نەجەف و بابل و دیالە و کەرکوک و واست و دیوانیەش پشووی رەسمی لە فەرمانگە حکومییەکان راگەیەندرا.

ھاوکات گەشتی فڕۆکەخانەکانی بەغداد و سلێمانی و نەجەف بەھۆی کاریگەری خۆڵبارین بۆ کاتێکی نادیار راگیران. تەندروستی کەرکوکیش رایگەیاند، بەھۆی تەنگەنەفەسی، بەیانی ئەمڕۆ ١٣٨ کەس رەوانەی نەخۆشخانە کران و بەھۆی تێکەڵبوونی ماددەی زیانبەخش بە خۆڵەکە و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کۆئەندامی ھەناسە، خۆڵبارینی ئەمجارە مەترسیدارە و پێویستە ھاووڵاتیان خۆیان بپارێزن.