کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ھۆکاری گرانبوونی مریشک ئاشکرا دەکات

16/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ماوەی چەند ڕۆژێکە نرخی مریشک لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و نرخی کیلۆیەک گۆشتی مریشک نزیکبووەتەوە لە ٤ هەزار دینار، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سنوری سلێمانی ھۆکاری گرانبوونی نرخی مریشک ئاشکرا دەکات و دەڵێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ ھاوکارییەکیان ناکات.

لە روونکردنەوەیەکدا نازم عەبدوڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی رایگەیاند بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و گرانبونی عەلەف و جوچک و خراپی ڤاکسین و ھاوکارینەکردنیان لەلایەن حکومەت بووەتە ھۆی گرانبوونی نرخی مریشک.

نازم عەبدوڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، "نرخی مریشکی زیندوو لەبازاڕەکاندا پەیوەندی بە بەرھەمھێنانی مریشکەوە ھەیە لەبەر ئەوەی ھەر لە کڕینی جوچک و دەرمان و عەلەف و غاز و پێداویستییەکانی بەخێوکردن گرانبووە."

وتیشی، "حکومەتیش ھیچ ھاوکارێک و بەدەمەوە ھاتنێکی بۆ ئەم کەرتە نییە".
راشیگەیاند” نەخۆشی نیوکاسڵ و گەمبۆرۆ و ئایبی، بڵاو بووەتەوە ٧٠٪ی مریشک و جوچکی لەناو ھۆڵەکانی بەخێوکردن لەناوبردووە”.
ھۆشداریشیدا لەوەی "بەکارھێنانی ڤاکسین بەھیچ شێوەیەک لەکوردستان کارناکات و ئەو ڤاکسینانەی بوونیان ھەیە لە عێراق و کوردستاندا، خراپن."

نازم عەبدوڵا جاف وتیشی، "ماوەی دوو ساڵە ئێمە داوا لە حکومەت دەکەین ڤاکسین دابین بکات بۆمان چونکە ئەوە پەیوەستە بە ئەمنی نەتەوەییەوە و ھیچ بازرگانێک ناتوانێت دەستی بۆ بەرێت بێجگە لە حکومەت کە دەتوانێت خوێن بگرێت و لەڕێگەی سەمپڵەوە بیباتە ووڵاتێکی ئەوروپی و ڤاکسین دابین بکات پاشان بیفرۆشێتەوە پێمان نەک بەخۆرایی بەڵام جێگەی دڵنیایی خاوەن کێڵگەکان بێت".

ئاماژە بەوەشدەکات،  "مریشک ھێشتا نرخی خۆی دەرناھێنێتەوە و  خاوەن کێڵگەکان بەھۆی لەناوچونی مریشک لە ھۆڵەکاندا ھەر لە زیاندان، ھەرکیلۆیەک مریشک لەسەر خاوەن پرۆژە سێ ھەزار و ٢٥٠ دینار دەکەوێت لەناو ھۆڵی بەخێوکردن و ئەگەر ڕێژەی ٣٠٪ی مریشک بمرێت ئەوا خاوەن کێڵگە کیلۆی مریشک بدات بە حەوت ھەزار دیناریش ھەر لە زیاندایە و مایەی خۆی ناگرێتەوە".