بڕیارە ئەمساڵ دوای ١٠ رۆژ لە وەرگرتنی گەنم پارە بە جوتیاران بدرێت

16/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی ھەرێم رایگەیاند، سایلۆکانی ھەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران ئامادەکراون و بەم نزیکانە وادەی وەرگرتنی گەنم رادەگەیەنرێت.

نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، حکومەتی عێراق پلانی وەرگرتنی گەنم بۆ ھەموو پارێزگاکان دادەنێت، ھەرێمی کوردستانیش دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەکات.

نەوزاد کامیل وتی لیژنەی تایبەتمەند لە بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی و کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری و ئاسایش پێک دەھێنرێت، دواتر وادەی وەرگرتنی گەنم رادەگەیەنرێت کە چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ لە ١/٦ەوە گەنم لە جوتیاران وەربگیرێت.

وتیشی، ساڵی رابردوو وەرگرتنی گەنم سنوردار کرابوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ جوتیاران ھەرچەند بەرھەمیان ھەبێت  دەتوانن رادەستی سایلۆکانی بکەن، بڕیاریشە دوای ١٠ بۆ ١٥ رۆژ لە وەرگرتنی گەنم پارەی جوتیاران بدرێت.