گووگڵ دووبارە بانگهێشتی گەنجە کوردەکە دەکات

15/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەو گەنجە کوردەی کە ڕۆڵی سەرەکی ھەبوو لە زیادکردنی شێوەزاری کوردی سۆرانی بۆ وەرگێڕی گووگڵ، بە بانگهێشتێکی فەرمی گووگڵ بەشداری کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین دەکات لەگەڵ چەند ئەندازیارێک لە کۆمپانیاکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بۆکان حەسەن بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، لەلایەن کۆمپانیای گووگڵ بە فەرمی بانگهێشت کراوە بۆ ئەوەی ڕۆژی چوارشەممەی داھاتوو لەگەڵ چەند ئەندازیارێکی کۆمپانیاکە کۆببێتەوە.

بۆکان حەسەن دەڵێت، " تیشک دەخەمە سەر ئەوەی کە بەشی سیستەمی دەنگمان بۆ چالاک بکەن بۆ گووگڵ کراودسۆرس بۆ ئەوەی بتوانین لە داھاتوودا ئیش بکەین بۆ سیستەمی دەنگی زمانی کوردیی ناوەندی لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق و ھەرێمی کوردستان."

رۆژی شەممە کۆمپانیای گۆگڵ لەبەشی وەرگێڕانی زمانە جیھانییەکان بەرەسمی زیادکردنی زمانی کوردی سۆرانی لەکۆنفراسی ساڵانەی خۆیدا راگەیاند، ئەوەش بەرھەمی گەنجێکی دانیشتووی شاری ھەڵەبجەیە کەماوەی حەوت ساڵە بەردەوام کار بۆ ئەو پرسە دەکات.

بۆکان حەسەن دەڵێت، بۆ ھەنگاوەکانی داھاتوو پێوستی بە حکومەتی ھەرێمە ھاوکاری بێت. زمانی کوردی سۆرانی لەگەڵ ٢٣ زمانی تردا دوای جێگیرکردنیان لە دەرئەنجامی ئەو ھەڵسەنگاندنەی کۆمپانیای گۆگڵ بوو کە لەناو ١٢٧ زمانی جیھاندا لەکۆتاییدا بڕیاری لەسەردرا.