یەکێتیی مامۆستایان داوا دەکات مووچەی مامۆستایان لە وادەی خۆی دابەش بکرێت

14/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

یەکێتی مامۆستایان داوا دەکات مووچە لە کاتی خۆیدا دابەش بکرێت و پلە بەرزکردنەوەش دەستپێبکاتەوە، یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکدا حەوت داواکاری ئاڕاستەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە حکومەت بودجەی پێویست بۆ ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا تەرخان بکات و بینا و باڵەخانە دروست بکات.

داواشی کرد، مووچە بێ دواکەوتن، ھەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا دابەش بکرێت، ئەو مووچانەشی پاشەکەوت یان بڕدراون، بخرێنە سەر ھەژماری مامۆستایان.

یەکێتیی مامۆستایان داواش دەکات، پلە بەرزکردنەوەی سەرجەم مامۆستایان دەستپێبکاتەوە و دەست بە دابەشکردنی زەویی نیشتەجێبوون بکرێتەوە و کێشەی مامۆستایان وانەبێژ، بە گرێبەست یان دامەزراندنیان چارەسەر بکرێت، داواش دەکات، یاسایەکی خانەنشینی بۆ مامۆستایان دەربکرێت و لە ناوچە جێناکۆکەکانیش گرنگی بە خوێندنی کوردی بدرێت.

ئەو ڕاگەیاندراوەکەی یەکێتیی مامۆستایان لە کاتێکدایە، ١٥ی ئایاری ئەمساڵ، ٦٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان تێدەپەڕێت.