تورکیا ١٠٠ ئاوارەی سوری لە ناوچەی گرێ سپی لە رۆژئاڤا نێشتەجێ دەکات

14/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

تورکیا ١٠٠ ئاوارەی سوری لە ناوچەی گرێ سپی لە رۆژئاڤای کوردستان نێشتەجێ دەکات وەک یەکەم قۆناغی گەڕاندنەوەی یەک ملیۆن ئاوارەی سوری لە تورکیاوە بۆ سوریا.

رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا راگەیاندووە، حکومەتی تورکیا قۆناغی یەکەمی گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی سوریای جێبەجێکردووە کە ژمارەیان ١٠٠ کەسە، لە دەروازەی سنووری گرێ سپییەوە گەڕێنراونەتەوە بۆ سوریا و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای تورکیا و  گروپە چەکدارەکانی ھاوپەیمانی نێشتەجێ دەکرێن.

بە پێی رێکخراوەکە زۆربەی ئەو ئاوارانە خەڵکی شارەکانی حومس و حەلەب و ئیدلب و دێرەزور و دیمەشقن و تورکیا رێگە نادات بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، بەڵکو لە ناوچە کوردییەکان نیشتەجێیان دەکات.

تەڤگەری کومەڵگەی دیموکراتیک (تەڤدەم)یش راگەیاندوە، ئەو پرۆسەیە زۆر مەترسیدارە و داوا لە ھێزە سیاسییە عەرەبی و کوردییەکانیش دەکات لە دژی ئەو پرۆسەیە بوەستنەوە.