حەلبوسی باسم خەشانی لە ئەندامێتی ھەموو لیژنەکان دوورخستەوە

14/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی، نیگەرانی خۆیان دەربڕی لەدژی بڕیارەکەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، لە دژی باسم خەشان پەرلەمانتاری سەربەخۆ، کە ڕێگری لێ کردووە لە ھیچ لیژنەیەکی پەرلەمانیدا بێت.

سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە ڕاگەیەندراوێکدا، سەرسوڕمان و ناڕەزایی خۆیان دەبڕیووە، لەو شێوازەی کە حەلبوسی لە دژی باسم خەشان گرتوویەتییە بەر، بە دوورخستنەوەی لە بەشداریکردن لە لیژنە پەرلەمانییەکان، کە مافێکە بە دەستور بۆ پەرلەمانتاری دەستەبەر کردووە.

ھۆشداریشیان داوە لەو جۆرە مامەڵەیە لە دژی نوێنەرانی گەل، داواشیان کردووە حەلوبسی بۆ پاراستنی ئاراستەی دیموکراسیەت، بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا باسم خەشان یەکێک بوو لەو پەرلەمانتارانەی لە دوای ھەڵبژاردنەکانەوە چەند سکاڵایەکی لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد، لە دیارترینیان نایاسایی بوونی دەستەی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و سکاڵا لە دژی بە کراوەیی ھێشتنەوەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.