دژی گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا لە چەند شارێکی ئێران خۆپیشاندان کرا

14/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە چەند شارێکی ئێران دژی گرانی و بەرزبونەوەی نرخی کاڵا و شمەک خۆپیشاندان بەڕێوەچوو و لە چەند شوێنێکیش خۆپیشاندانەکان گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە.

ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە، دانیشتوانی شارەکانی بروجێرد و دورود لە پارێزگای لوڕستان، جونقان و فارسان لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری و رەشت و گیلان و چەند شارێکی تری ئێران، دژی گرانی و بەرزبونەوەی نرخی کاڵا، رژاونەتە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان کرد.

بە کلپێی ئەو گرتەڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کومەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، لە ھەندێک ناوچە ھێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران تەقەیان کردووە.

وەک یەکەم کاردانەوەی لێپرسراوانی ئێرانیش بۆ خۆپیشاندانەکان، ئێبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، تا ئەو کاتەی لە ژیاندا مابێت، رێگە نادات، خەڵکی وڵاتەکەی بەھۆی گرانییەوە زیانیان پێبگات.