ڕێواز فائق: دەبێت پرسە نیشتمانییەکان بە سازانی نێوان فراکسیۆنەکان بکرێت

11/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت ھەموو ئەو پرسە نیشتمانیانەی کە ڕەھەندی سیاسیان ھەیە دەبێت بە سازانی نێوان سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بێت.

لە میانی پێشوازیکردنی لە دەیڤد ھەنت کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەولێر ڕێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەزموونەکانی ڕابردوو سەلماندویانە کە کارکردن بە پرەنسیپی سازان لێکەوتەی ئەرێنی لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی دەبێت و مافی سەرجەم پێکھاتەکانی کوردستانیشە کە لەبەر ڕۆشنایی یاسا بەرکارەکان و لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی نیشتمانی نوێنەرایەتیان لە پەرلەمانی کوردستان مسۆگەر بێت، بۆیە ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە کە چەتری کۆکەرەوەی سەرجەم نەتەوە و پێکھاتەکان بێت،

لایخۆیەوە کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەولێر جەختی کە یەکگرتوویی ناوماڵی کورد بۆ ئەوان گرنگە و ڕەنگدانەوەی لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی دەبێت لە عێراق، دواجاریش دەبێتە مایەی ئارامی و سەقامگیری بۆ ھەموو عێراقییەکان.