یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە ھەولێر تۆمار کرا

10/05/2022
ئیکسۆدیدا، ئەو زیندەوەرەی کە تای خوێنبەربوون دەگوازێتەوە.
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

توشبووەکە گەنجێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی ھەولێرە.

بەڕێوبەرایەتی تەندروستی ھەولێر ڕایگەیاند، یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە ھەولێر تۆمار کراوە و توشبووکە  گەنجێکی تەمەن ١٧ ساڵە و ئێستا لە ژێر چاودێری پزیشکدایە. 

پاش تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە پارێزگاکانی بابل و زیقار و کەرکوک، ئەمڕۆ یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە شاری ھەولێر تۆمار کرا. ئەوەش دوای ٥ ڕۆژ دێت کە یەکەم نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە کەرکوک گیانی لە دەستدا.

تای خوێنبەر بوون بە تای کۆنگۆ یاخود کرایمیا ناسراوە  و نەخۆشیەکی مەترسیدارە و بە پێوەدان یاخود پەیوەندی کردن لەگەڵ ئاژەڵی ماڵی وەک مەڕ و بزن و پەلەوەردا دەگوازرێتەوە.

نیشانەکانی بریتین لە تا، ئازاری ماسولکە، سەر ئێشە، ڕشانەوە، سکچون و خوێناوی بوونی پێست. نیشانەکان لە ماوەی دوو ھەفتەدا دەردەکەون و ئەوانەی کە ڕزگاریان دەبێت دوو ھەفتە پاش توش بوون چاک دەبنەوە. 

ناوچەی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا، ڕوسیا، ناوچە بالکان، و ئاسیایە. 

ڕێژەی مردن لەم نەخۆشیەدا لە نێوان لە سەدا ٤٠ بۆ ٨٠، ئەمە لە کاتێکدا رێژەی مردن بە کۆرۆنا لە لەسەدا یەک کەمترە. 

ڕێخراوی تەندروستی جیھانی ھەمیشە چاودێری ئەم نەخۆشیە دەکات و وەک مەترسیەکی گەورەی دەبینێت بۆ ئاسایشی نیشتیمانی و تەندروستی گشتی.

لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی پێشوەوە چەند ڤاکسینێک پەرەیان پێدراوە بەڵام بەھۆی ژەھراویبوون و ناگاونجاوییەوە ڤاکسینەکان ڕەتکراونەتەوە و تا ئێستا ھیچ ڤاکسینێک بۆ ئەم نەخۆشییە بوونی نیە.