ئەمریکا: ڕووسیا ریفراندۆمێکی ساختە لە ئۆکراین ئەنجامدەدات

28/04/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند ڕوسیا بەنیازە ھەڵبژاردنێکی ساختەی سەربەخۆیی لەو ناوچانەی ئۆکراین ئەنجامبدات کە داگیریکردوون و ڕەوایەتی بدات بە دەسەڵاتی خۆی.

ئەندامە ئەمریکییەکانی رێکخراوی ئاسایش و ھەماھەنگی ئەوروپا، تۆمەتی ئەوە دەدەنە پاڵ ڕووسیا کە بەنیازی "ریفراندۆمێکی شەرمەزارکەرانەیە" و دەیەوێت ھەڵبژاردن لەو ناوچانەی ئۆکراین بکات کە داگیریکردوون و دەکەونە باشوور و رۆژھەڵاتی ئۆکراین.

ئەمریکا دەشڵێت "ئەم ریفراندۆمە ناشەرعی و ساختەیە بەشێکە لەو پێشێلکارییانەی کە مۆسکۆ پلانی بۆ داڕشتووە و خەڵک ڕەتیدەکەنەوە... کۆمەلگای نێودەوڵەتی دەبێت ئەوە ڕوونبکاتەوە کە ریفراندۆمێکی لەو جۆرە ھەرگیز دانی پێدا نانرێت و نابێتە شەرعی."

زیاتر لە دوو مانگە ڕووسیا ھێرشێکی سەربازی بۆسەر ئۆکراین دەستپێکردووە و چەندین شاری تەختی زەوی کردووە، بەڵام ھەوڵەکان بۆ گرتنی کیێڤی پایتەختی ئۆکراین شکستیان ھێناوە.

ئێستا ڕووسیا ھێرشەکانی بۆسەر دوو پارێزگای رۆژھەڵاتی ئۆکراین چڕکردووەتەوە و وڵاتانی ڕۆژئاواش بە توندی ئیدانەی دەکەن و بە ناردنی چەک ھاوکاری ئۆکراین دەکەن.