زیلینسکی داوا لە ماکرۆن دەکات سەردانی ئۆکراین بکات

18/04/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

(ڤۆلۆدمیر زیلینسکی) سەرۆکی ئۆکراین داوای ھاوکاری سەربازیی لە ئەڵمانیا دەکات و بانگھێشتنی (ئیمانوێل ماکرۆن) سەرۆکی فەڕەنساش دەکات بۆ ئۆکراین.

"زیلینسکی" رایگەیاند، روسیا ئامادەکاری دەکات بۆ ئۆپراسیۆنێکی فراوان لە خۆرھەڵاتی ئۆکراین لە داھاتوویەکی نزیکدا، سوپای ئۆکراینیش بە ھەموو ھێزێکەوە بەرگری دەکات، داواشی لە ئەڵمانیا کرد چەک و تەقەمەنیان بۆ رەوانە بکەن، چونکە ئەو وڵاتانەی پێداویستی سەربازییان ھەیە چارەنووسی ئەو جەنگە دیاری دەکەن.

"زیلینسکی" داواشی لە "ئیمانوێل ماکرۆن" سەرۆکی فەڕەنسا کرد سەردانی "ئۆکراین" بکات و بە چاوی خۆی ئەو تاوانانە ببینێت کە ھێزەکانی روسیا ئەنجامیانداوە، داواکەی سەرۆکی ئۆکراینیش دوای ئەوە ھات کە "ماکرۆن" رەتیکردەوە دەستەواژەی "کۆمەڵکوژی" لە بەرامبەر تاوانەکانی روسیا لە ئۆکراین بەکاربھێنێت.