وەزارەتی بەرگری ڕووسیا کۆنترۆڵکردنی بەندەری ماریۆپۆلی ڕاگەیاند

14/04/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا کۆنترۆڵکردنی بەندەری ماریۆپۆلی ڕاگەیاند و بەھۆی بۆردوومانەکانی ڕووسیاشەوە ١٤ کەس لە خارکیێڤ کوژران و برینداربوون.

ژەنەراڵ ئیگۆر کۆناشینکۆڤ وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند، ھێزەکانیان بە تەواوی بەندەری ماریۆپۆلیان کۆنترۆڵکردووە و ھەڕەشەی بە ئامانجکردنی ناوەندەکانی بڕیاری کیێڤیشی کرد، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ھەوڵەکانی ئۆکراین کە بۆ ئەنجامدانی ھێرشی تێکدەر لەناو خاکی ڕووسیا دەیدات.

ھاوکات، سەرۆکی شارەوانی خارکیێڤ ڕایگەیاندووە، ڕووسیا بۆردوومانەکانی بۆ سەر شارەکە چڕ کردووەتەوە و بەھۆی بۆردوومانەکانەوە ٤ کەس کوژراون و ١٠ کەسی تریش برینداربوون.

لەلایەکی تریشەوە ئۆلکسەندەر شبۆتۆن وتەبێژی سوپای ئۆکراین ڕایگەیاند، تا ئێستا ھەڕەشەی بەردەوام ھەیە کە ڕووسیا چەکی موشەکیی لە سەرجەم ناوچەکانی ئۆکراین بەکاربھێنێت.