روسیا لە لیستی بەھێزترین پاسپۆرتەکانی جیھان چوار پلە پاشەکشەی کردووە

11/04/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بە کاریگەری جەنگ روسیا لە لیستی بەھێزترین پاسپۆرتەکانی جیھان ٤ پلە پاشەکشەی کردووە و ئۆکراین پلەیەک ھاتۆتە پێشەوە.

کۆمپانیای "ھێنلی ئاند پارتنەرز" بڵاویکردەوە، لە لیستی چارەکی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ بۆ بەھێزترین پاسپۆرتەکانی جیھان، ئۆکراین پلەیەک ھاتۆتە پێشەوە و لە پلەی ٣٤دایە، ھاووڵاتیانی ئەو وڵاتەش بۆیان ھەیە بەبێ ڤیزا گەشت بۆ ١٤٣ وڵات بکەن، بەڵام روسیا چوار پلە پاشەکشەی کردووە و لە پلەی ٤٩دایە و روسییەکان دەتوانن گەشت بۆ ١١٧ وڵات بکەن بەبێ ڤیزا.

ئەو کۆمپانیایە کە بارەگاکەی لە لەندەنە رایگەیاندووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی روسیاوە بۆ سەر ئۆکراین، کایەی ئاسمانی زۆرینەی وڵاتان بەڕووی مۆسکۆ داخراوە و سنورەکانیش بەڕووی پەنابەرە ئۆکراینییەکان کراوەتەوە، چەندین وڵاتیش ڤیزا بە ھاووڵاتی روسی نادەن، بەوەش خواست لەسەر پاسپۆرتی روسی کەمبۆتەوە.