لە ھێرشێکی مووشەکیدا لە خۆرھەڵاتی ئۆکراین ٣٠ کەس کوژران

08/04/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە ھێرشێکی مووشەکی بۆ سەر وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە خۆرھەڵاتی ئۆکراین ٣٠ کەس کوژران و ١٠٠ کەسی تریش برینداربوون، روسیا و ئۆکراینیش یەکتر بە ئەنجامدانی ھێرشەکە تۆمەتبار دەکەن.

کۆمپانیای ھێڵی شەمەندەفەری ئۆکراین بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی ھێرشێکی مووشەکی روسیا بۆ  وێستگەیەکی شەمەندەفەر لەشاری کراماتورسکی ھەرێمی دۆنیتسک ٣٠ کەس کوژراون و لانی کەم ١٠٠ کەسی تریس برینداربوون. رونیشیکردەوە، ھێرشەکە لەکاتێکدابووە ھاووڵاتیان ویستوویانە روو لە ناوچە ئارامەکان بکەن.

ھاوکات حاکمی دۆنیتسک رایگەیاند، لەکاتی ھێرشەکەدا ھەزاران کەس لە وێستگەکەدا بوون فاشییەکانی روسیا دەیەوێت لە رێگەی کوشتنی زۆرترین مەدەنییەوە ترس و تۆقاندن بڵاوبکەنەوە.

لەبەرامبەردا وەزارەتی بەرگری روسیا رەتیکردەوە ھیچ ھێرشێکی کردبێتە سەر شاری کراماتورسک و رایگەیاند، تەنھا سوپای ئۆکراین ئەو جۆرە مووشەکە تەکتیکیانە بەکاردەھێنرێت کە ھێرشەکەی پێئەنجامدراوە.