ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەندامێتی ڕوسیای ھەڵپەسارد

08/04/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بەھۆی جەنگی ئۆکراینەوە ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەندامیەتی ڕوسیای لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤ ھەڵپەسارد و مۆسکۆش نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکە دەربڕی.

 

لە ئەنجومەنەکە ٩٣ وڵات دەنگیان دا لە بەرژەوەندی ھەڵپەساردنی ئەندامیەتی ڕوسیا لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەرامبەریشدا ٢٤ وڵات دژی بڕیارەکە وەستانەوە،٥٨ وڵاتیش بێدەنگیان ھەڵبژاردووە و دەنگیان نەداوە بە ھەڵپەساردنەکە.

دەربارەی بریارەکەش حکومەتی ئۆکراین ڕایگەیاند، تاوانبارانی جەنگ  جێگەیان نابێتەوە لەناو ئەنجومەنی مافی مرۆڤ و ستایشی ھەموو ئەو وڵاتانەشی کە پشتیوانی بڕیارەکەیان کردووە.

لە بەرامبەریشدا دیمیتری بیسکۆف وتەبێژی کرملین ڕایگەیاند، ئەوان نیگەرانن لە بڕیارەکە و بەردەوامیش دەبن لە بەرگری لە مافەکانیان بە ھەموو شێوازە ڕێگەپێدراوەکان.

لە خولی ئێستای کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە زۆربەی گفتوگۆکانی تایبەت کراوە بە تاوتوێ کردنی ڕەوشی ئۆکراین، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا بە ھەڵپەساردنی ئەندامیەتی ڕوسیا لە ئەنجومەنەکە.