١٦ ھەزار چەکداری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دێن دژی ئۆکراین دەجەنگن

12/03/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن گڵۆپی سەوزی بۆ ١٦ ھەزار چەکداری خۆبەخشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەڵکرد بۆ ئەوەی شانبەشانی سوپای ڕووسیا و گروپە چەکدارەکانی دیکە لە دژی ئۆکراین بجەنگن.

ئەم ھەنگاوەی ڕووسیا دوای نزیکەی دوو ھەفتە لە ھێرشی سەر ئۆکراین ڕێگە بە چەکداری وڵاتانی دیکە و بە تایبەتی سووریا دەدات شەڕی ئۆکراین بکەن و ژمارەی قوربانییەکان لە ڕیزی سوپای ڕووسیا کەمدەکاتەوە.

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا پوتین بە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی ڕاگەیاند "ئەگەر دەزانن ئەو خەڵکە بە ویستی خۆیان و بە بێ بەرژەوەندی ماددی دەیانەوێت بێن و یارمەتی خەڵکی دۆنباس بدەن، ئەوا دەبێت ھەرچییەکیان پێویستە بۆیان دابین بکەین و ھاوکارییان بکەین بگەنە ناوچەی جەنگ."

وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە سێرگی شۆیگو وتی ١٦ ھەزار خۆبەخش ئامادەن لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە خۆیان بگەیەننە مەیدانی شەڕ و شانبەشانی سوپای ڕووسیا لە ھەرێمی دۆنباس لە ڕۆژھەڵاتی ئۆکراین بجەنگن.

شۆیگو پێشنیاری کرد ئەو موشەکانەی کە لە جۆری ستینگەر و جاڤێلینن و لە ئۆکراین لەلایەن سوپای ڕووسیا دەستیانبەسەردا گیراوە بدرێن بە ھێزەکانی دۆنباس لەگەڵ ژمارەیەک لە چەکی دژە فرۆکە و دژە تانک، پوتینیش ڕەزامەندی نیشاندا.