ئۆکراین: خولی سێیەمی دانوستانەکان لەگەڵ ڕووسیا ھەندێک ئەنجامی ئەرێنی ھەبووە

08/03/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

خولی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین بەڕێوەچوو، ئۆکراینیەکان دەڵێن ھەندێک ئەنجامی ئەرێنی ھەیە ، بەڵام روسییەکان پێیان وایە ئەنجامەکان لە ئاستی چاوەروانکراودا نین .

"میخاییلۆ بۆدۆلیاک" ئەندامی وەفدی دانوستانکاری ئۆکراین لە تویتەر نوسیوویەتی، لە خولی سێیەمی دانوستانەکانیان لەگەڵ ڕووسیا، ھەندێک ئەنجامی ئەرێنی ھەن لە بارەی ڕێرەوە مرۆییەکانەوە و ھاوکاری باشتر و کاریگەرتر دەگەیەندرێتە ئەوانەی بەدەست داگیرکاریی ڕووسیاوە دەناڵێنن.

ئاماژەی بەوەشداوە، سەبارەت بە بابەتەکانی تر بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە ھەیە، بەردەوام دەبن لە گفتوگۆی چر و پر.

لە بەرامبەریشدا ڤلادیمیر مدینسکی دانوستانکاری ڕووسیا ڕایگەیاندووە، خولی سێیەمی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئۆکراین کە لە سنوری نێوان ئۆکراین و بێلاروس بەڕێوەچووە، لە ئاستی چاوەڕوانیەکانی مۆسکۆدا نەبووە و ھیوایان ھەیە لە خولی داھاتوودا پێشکەوتنی زیاتر لە دانوستانەکاندا بەدیبھێنن. 

بڕیاریشە ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و ئۆکراین لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا کۆببنەوە.