شەڕی سەخت لە شەقامەکانی شاری سوومی ئۆکراین ھەیە

05/03/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە شەڕ لە شەقامەکانی شاری سوومی لە خۆرھەڵاتی ئۆکراین دەستیپێکردووە، بەرپرسانی شارەکە داوا لە ھاووڵاتیان دەکەن لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش ڕایدەگەیەنێت، ڕووسیا لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە تا ئێستا، ٥٠٠ مووشەکی بەکارھێناوە.

بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاوی دەکەنەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند تەقینەوەیەکی گەورە لە شاری چەرنیھیڤ لە باکووری ئۆکراین ڕوویانداوە و سوپای ڕووسیاش بە سەدان تۆپ و مووشەک شارەکەی بۆردومانکردووە، لە شاری سوومی کە دەکەوێتە خۆرھەڵاتی ئۆکراین شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەستیپێکردووە، بەرپرسانی شارەکەش داوا لە مەدەنییەکان دەکەن، لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش ڕایگەیاند، ڕووسیا لە سەرەتای شەڕەکەوە تا ئێستا ٥٠٠ مووشەکی دژی ئۆکراین بەکارھێناوە، کۆمیسیۆنی پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانیش ڕایگەیاند، لە ماوەی ٩ ڕۆژی ڕابردوودا کە ھێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین دەستیپێکردووە، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار ھاووڵاتی ئۆکراینی ئاوارە بوون.