داوا دەکرێت سەرجەم بانکەکانی ڕووسیا لە سیستمی سویفت بکرێنە دەرەوە

02/03/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

"دیمیترۆ کۆلیبا" وەزیری دەرەوەی ئۆکراین ڕایگەیاند، کار دەکەن لەسەر فراوانکردنی سزاکان لەسەر ڕووسیا و تا ئێستاش ئەو وڵاتە ھەمان ئەو مەرجانەی پێشووی ھەیە لە وڵاتەکەی، کە بەر لە خولی یەکەمی وتوێژەکان داوای کردبوو. وتیشی، پێویستە ھەموو بانکەکانی ڕووسیا بێبەش بکرێن لە سیستمی سوێفت.

یەکێتی ئەوروپاش ڕایگەیاند، حەوت بانکی ڕووسیایان لە سیستمی سویفت بۆ ئاڵۆگۆڕی دارایی لە جیھاندا کردووەتە دەرەوە، کۆمپانیای "سمیس"ی ئەڵمانی تایبەت بە بواری تەکنەلۆژیا و پەیوەندیش ڕایگەیاند، ھەموو کارەکانی لە ناوخۆیی ڕووسیا ڕاگرتووە.

لەسەر ئاستی مەیدانیش ھێرشی ڕووسیا بۆ سەر شارەکانی ئۆکراین بەردەوامە و سەرۆکی شارەوانی "کیێڤ"یش ڕایگەیاند، سوپای ڕووسیا ھێزی زیاتری ڕەوانە کردووە بۆ دەوروبەری پایتەخت و دەیەوێت لە ھەموو لایەکەوە شارەکە گەمارۆ بدات.

دەسەڵاتدرانی (ئۆکراین)یش ڕایانگەیاند، لە سەرەتای ھێرشەکانی ڕووسیاوە تا ئێستا دەستی پێکردووە، نزیکەی دوو ھەزار ھاوڵاتی مەدەنی کوژراون و لەسەر ئاسمانی "کیێڤ"یش دوو فڕۆکەی جەنگی ڕووسیا خراونەتە خوارەوە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش ڕایگەیاند، لە لایەن ڕووسیاوە ئاگادارکراونەتەوە، سوپای ئەو وڵاتە وێستگەی ئەتۆمی (زابوروجیا)ی کۆنترۆڵ کردووە، کە کە بە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی ئۆکراین دادەنرێت بۆ بەرھەمھێتانی وزەی کارەبا.